بڵێ پاشا وا و وایه!
پاشا میرزای بانگ كرد و گوتی: بڕۆ به خه‌ڵك بڵێ: بڵێ پاشا گه‌وره‌یه، بڵێ پاشا بێ وێنه‌یه، بڵێ پاشا شتێكی سه‌یره و شتی وا نه‌بووه و نابێ، بڵێ پاشا له‌هه‌مووكه‌س زاناتره، بڵێ پاشا وا و وایه!
میرزا: ( له‌دڵی خۆی دا: باشه له‌تڕێت به‌م) به‌سه‌ر چاو ئه‌مر ئه‌مری پاشایه!
میرزا چووه ناو خه‌ڵك، ده‌گه‌یشته هه‌ركه‌س ده‌یگوت: هۆی وه‌حه هۆش هۆپ! پاشا پێی گوتووم پێتان بڵێم: بڵێ پاشا گه‌وره‌یه و شتی وا نه‌بووه و نابێ! هه‌روه‌ها پاشا گوتوویه‌تی ده‌بێ هه‌موو رۆژێ پێنج شه‌ش جار له دڵی خۆتان ـ بۆ ئه‌وه‌ی پاشا لێتان رازی بێ ـ دا بڵێن: بڵێ پاشا گه‌وره‌یه و به‌ڕاستی شتێكی بێ وێنه‌یه!
ده‌ی سه‌رتان ناهێشێنم میزا ئه‌و قسه‌یه‌ی پاشای له ناو خه‌ڵك دا بڵاو كرده‌وه و خه‌ڵكیش هه‌ریه‌كه‌و له‌به‌ر خۆیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پاشا لێی رازی بێت و قینی لێ هه‌ڵ نه‌گرێ، شه‌شه‌كه‌یان كرد به پێنج و رۆژی پێنج كه‌ڕه‌تان روو به كۆشكی پاشا راده‌وه‌ستان و سه‌ری ترس و ته‌رس كه‌ری خۆیان بۆ پاشا ده‌هێنا خوارێ و چۆكیان بۆ داده‌دا و له دڵی خۆیان دا ده‌یان گوت: بڵێ پاشا گه‌وره‌یه و وه‌ك پاشا نه‌بووه و نابێ!
دوای ماوه‌یه‌ك پاشا بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ چه‌نده داوا كارییه‌كه‌ی له لایه‌ن میرزاوه جێ به‌جێ كراوه، ده‌رپێیه‌كی چل تیكه‌ی له‌به‌ر كرد و خۆی له نابه‌ڵه‌دی دا‌و هاته ناو خه‌ڵكی شار و گوێ هه‌ڵخست. له‌پڕ پاشا كه‌ر بوو، وه‌خته‌بوو له عه‌یبه‌تانا ته‌رس و گووی تێكه‌ڵ بكات. جا بۆ ئه‌وه‌ی تووشی لووشكه هاویشت و سه‌رسم دان و خه‌ڵك سه‌قه‌ت كردن نه‌بێ، به‌خێرایی گه‌ڕایه‌وه كۆشك و میرزای بانگ كرد، گوتی: هه‌تیوه میرزا! میزا گوتی: به‌ڵێ گه‌وره‌م! پاشا گوتی: زه‌هریمار حه‌یوان! ئه‌وه شته فێری خه‌ڵكت كردووه؟ میزا به‌حه‌په‌ساوی گوتی: به‌ڵێ قوربان! پاشا گوتی: به‌ڵێ و دڵه‌ده‌رد! هه‌تیوه كه‌ره‌ی هیچ و پووچه! ئه‌وه شته قۆڕه چییه فێری خه‌ڵكت كردووه؟ میزا ده‌یزانی گووكارییه‌كی كردووه و خۆشی نازانێ گووكارییه‌كه‌ی چییه، هه‌ر بۆیه به منگه منگ پاشای حاڵی كرد كه: قوربان تكایه بڕێك روونتر فه‌رمایشت بفه‌رموون!
پاشا درێژه‌ی به قسه‌كانی دا: ئه‌مڕۆ خۆم كرده كه‌ره پیاوێكی ده‌رپێ دڕا‌و و خۆم به‌شار داكرد، ده‌ك ده‌ركت دڕێ! ده‌ك داوه‌شێی! به‌خۆشت ده‌ڵێی میزا؟ ده‌ك راسته‌وه نه‌بی! ئه‌وه شته فێری خه‌ڵكت كردووه؟ ئێستا من پێم گوتی بچی له ناو خه‌ڵك بڵێی: بڵێ پاشا گه‌وره‌یه؟!
میزا سه‌ری لێ شێوا بوو، له دڵی خۆی دا گوتی: به‌سه‌رت پاشا مۆزی كردوو!
پاشا یه‌ك به‌خۆی هاواری كرد: حه‌یوانی كه‌ری هیچ و پووچی گوێدرێژّ! ئه‌وه له‌به‌ر خۆته‌وه ده‌ڵێی چی؟ بێم بتگرم بتگێم؟!
میزا وه‌ك تێی گیرابێ هه‌ڵیدایه و گوتی: به‌گۆڕی بابی بابی باپیره‌گه‌وره‌می تێ چۆتێ، نازانم باسی چی ده‌كه‌ی؟
پاشا ویستی به‌سه‌ر تووڕه‌ییه‌كه‌ی خۆی دا زاڵ بێت و به له‌سه‌ره خۆیی تێی بگه‌یه‌نێ كه میزا چ گووكارییه‌كی كردووه، هه‌ر بۆیه به‌زۆری دانی به‌جه‌رگی دا گرت و به ده‌نگێكی ئارام گوتی: ئاخر رۆڵه گیان ( ئیتر پاش خۆی پێ رانه‌گیرا و ماباقیی قسه‌كانی به ده‌نگی به‌رز درێژه‌دا) تۆ بۆ ئه‌وه‌نده ناحاڵی هه‌ی كه‌رحاڵ!!!
میزا گوتی گه‌وره‌م به‌قوربانی پێڵاوه‌كانی بابی بابی باپیره گه‌وره‌ت بم، بۆ تێم ناگه‌یه‌نی من چ تاوانێكم كردووه؟ ئاخر بۆ سه‌رم لێ ده‌شێوێنی؟ به‌سه‌رت منداڵم ورده، دڵم ده‌تۆقێ و تووتك و تووڵه‌م به‌گۆرَێ وه‌رده‌بن!
پاشا گوتی: رۆڵه من گوتم: بڕۆ وه‌ك به‌شه‌ران به خه‌ڵك بڵێ: پاشا گه‌وره‌یه! خۆ نه‌مگوت به‌خه‌ڵك به‌ڵێی: بڵێ پاشا گه‌وره‌یه! تۆ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بچی به‌خه‌ڵك بڵێی: بڵێن: پاشا گه‌وره‌یه! چووی گوتووته بڵێن: بڵێ پاشا گه‌وره‌یه! ئاخر هه‌ی كه‌ر! تۆ بۆ له قسه حاڵی نابی؟!
میزا سه‌ری لێ شێوابوو، پاشا هه‌رچییه‌كی ده‌یگوت، هه‌ر هه‌مان شت بوو كه ئه‌و داوای له خه‌ڵك كردبوو بیڵێن، بۆیه نه‌یده‌زانی چ گووكارییه‌كی كردووه! هه‌ر بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی پاشای له كۆڵ بێته‌وه، گوتی پاشا ئیزنێكم لێ بگره، به‌چاوان ئێستا ده‌چم جه‌نابت چی ده‌ڵێی ئه‌وه به خه‌ڵك ده‌ڵێم!
پاشاش چوونكه ده‌یزانی ئه‌و كه‌ری حه‌یوانی هیچ و پووچه هه‌رچییه‌كی دیكه له زمانی پاشاوه بۆ خه‌ڵك باس بكات له‌وه باشتری باس ناكا كه كردوویه‌تی، به‌ڕیاری دا شه‌پێكی تێ هه‌ڵده‌ن و تا گووكارییه‌كه‌ی نه‌شواته‌وه، تخوونی كۆشك نه‌بێته‌وه.
میزای قوڕبه‌سه‌ری كه‌ری گوێدرێژی حه‌یوانیش بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ چ گوویه‌كی خواردووه وا پاشای لێ تووڕه بووه، میزا ره‌كێوی دا و ماوه‌یه‌ك له ئه‌شكه‌وت و مه‌شكه‌وتان دا بیری له هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی كرده‌وه و مایه‌وه و ئه‌وجا چووه ناو خه‌ڵك و گوێی بۆ هه‌ڵخستن!
هه‌ر كه‌سی ده‌دیت له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: بڵێ پاشا گه‌وره‌یه و وایه و وایه!
ئاخرییه‌كه‌ی میزرای وه‌حشی كه‌ری حه‌یوانی هیچ و پووچی خوێڕی گوێدرێژ هه‌ر نه‌یزانی كه چ گوویه‌كی خواردووه و بۆچی پاشا تووڕه بووه! ئیتر دوای ماوه‌یك میزا وه‌ك شێتی لێهات و له عه‌یبه‌تان خۆی شوورت و گوم كرد. ئێستا و ئێستاش خه‌ڵك نه‌یازانی میزا به چ مه‌رگێكه‌وه مرد و له كوێ گۆڕ به گۆڕ بوو!
به‌ڵام له هه‌مووی خۆشتر ئه‌وه‌یه له‌و كاته‌وه كه میزا ئه‌و گووخواردنه‌ی فێری خه‌ڵك كردووه، تا به‌ئه‌مڕۆكه‌ش ئه‌و خه‌ڵكه قوڕبه‌سه‌ری هیچ و پووچی خوێری و گوێدرێژی حه‌یوانه‌ش هه‌ر نه‌یانزانی بڵێن: پاشا گه‌وره‌یه! به‌ڵكوو هه‌ر گوتیان: بڵێ پاشا گه‌وره‌یه!