قه‌شمه‌رسیتی
خه‌ڵکی به‌شه‌ڕه‌فی قه‌شمه‌رئاوای تازه
وێڕای رێز و سڵاو، ئیجازه بده‌ن به‌ر له هه‌موو شتێک سپاسی جه‌نابی کوێخا بکه‌م بۆ وه‌ی پاسپۆرتی قه‌شمه‌رئاوای پێدام و منیش ئێستا ره‌سمه‌ن هه‌ر وه‌کوو ئێوه دانیشتوویه‌کی به‌شه‌ڕه‌فی قه‌شمه‌رئاوام (لێره‌دا ئاماده‌بوان چه‌پڵه لێده‌ده‌ن). به‌ڕاستی شانازیه‌کی هه‌ره گه‌وره نه‌سیبی من بوه و خۆم به به‌خته‌وه‌ر (مازوو-پێداو) ده‌زانم. ئه‌و هیوایه‌م هه‌یه بتوانم وه‌ک قه‌شمه‌رێکی مودێڕن و خاوه‌ن هه‌ڵوێست ئه‌رکی قه‌شمه‌رایه‌تی خۆم به دڵ و گیان به‌جێ بێنم و له گوتنی قسه‌ی قۆڕ و توڕه‌هات دا درێخی نه‌که‌م.
خزمه‌تتان عه‌رز که‌م به‌نده‌ی سه‌رتاپاکوڵکن ته‌جرووبه‌یه‌کی ئه‌وتۆم له قه‌شمه‌رایه‌تی دا نیه به‌ڵام هیچ نه‌بێ وه‌ک حه‌زره‌تی مازوو که ئێستا له کومیته‌ی ناوه‌ندیش دایه و که‌سیش نازانێ له کوێیه، زه‌مانێک سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه دیواریه‌کی ته‌نز له ده‌بیرستانی شاری میاندواو بووم و تا چوار ژماره‌شمان بڵاوکرده‌وه (تیه‌ح). گه‌رچی زۆربه‌ی خوێنه‌رانی رۆژنامه‌که ده‌یانگوت بۆنی چه‌وه‌نده‌ری کارخانه قه‌ند زۆرتر ده‌مانخاته پێکه‌نین تا جۆکه‌کانی تۆ به‌ڵام به شه‌ڕافه‌تم سوێند ده‌خۆم جارێک به‌چاوانم دیتم دوو که‌س رۆژنامه‌که‌ی منیان ده‌خوێند و پێده‌که‌نین. جگه له‌وه‌ش تا ئێستا سێ نه‌فه‌ر پێیان گوتوم قسه‌ی قۆر مه‌که و عاقڵ به. ئیتر ئاماژه به‌وه‌ش بکه‌م، له ڕوانگه‌ی سابیقه‌ی شۆڕش و ئازادیخوازیش، ساڵێکیان له پرۆژه‌ی لێدانی توونێلێکی نهێنی له خه‌وگای کۆڕان بۆ خه‌وگای کچانی زانکۆ به‌شداریم هه‌بو و ئه‌رکی دزینی که‌وچک و چنگاڵ له چێشتخانه‌ی زانکۆ بۆ کاری هه‌ڵکه‌ندنی توونێل له ئه‌ستۆی من بو. هه‌ڵبه‌ت ده‌رسم که کۆتایی پێهات ناچار پرۆژه‌که‌م به‌جێ هێشت و به‌داخه‌وه دواتر بیستم توونێله‌که له جیاتی خه‌وگای کچان له نه‌هادی ره‌هبه‌ری سه‌ری ده‌رهێناوه و ته‌واوی کاربه‌ده‌ستانی پرۆژه حوکمی دوو ساڵ گوێگرتنی ئیجباری له ئامۆژگاریه‌کانی جه‌وادی ئامۆلیان دراوه‌تێ.
له به‌شی کۆتایی قسه‌کانم دا، ده‌مهه‌وێ هه‌ندێک له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆم سه‌باره‌ت به دیارده‌ی قه‌شمه‌ریسم بڕۆم و چه‌ند ره‌خنه و پێشنیارێک ئاراسته‌تان بکه‌م. حه‌قیقه‌تی ره‌خنه و پێشنیاریش نیه، ره‌نگه بۆڵه‌بۆڵ بێت، یا شاته‌یش قسه‌ی قۆڕ بێت. نازانم بۆخۆتان لێکی بده‌نه‌وه. به‌ینێک له‌وه‌پێش جه‌نابی ن.ف له به‌شی کامێنتی بلاگه‌که‌ی دا فه‌رمایشتێکی زه‌ریفی و سه‌رنج راکێشی نووسیبو که من لێره‌دا دووپاتی ده‌که‌مه‌وه.
" بۆ بابم، کورد گووی به خۆدا کردوه؟"
له واقیع دا جه‌نابی ن.ف ئه‌م نوکته پڕمه‌غزه‌ی بۆ گه‌نجێکی خوێنده‌وار و ناقه‌شمه‌ری نووسیبوو که وادیار بوو له زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بێگانه بێت و ته‌نانه‌ت حازریش نه‌بوو ئیراد و ره‌خنه‌یه‌ک هه‌ڵبگرێت و بایه‌خێک به زمانی زگماگی خۆی قایل بێت. من لێره ویستم نیه باسی گرینگ بوونی پاراستنی زمانی زگماگی بکه‌م به‌ڵکوو ده‌مهه‌وێ بڵێم ئێمه (دانیشتووانی به شه‌ڕه‌فی قه‌شمه‌رئاوا) بۆخۆشمان تا ڕاده‌یه‌ک گرفتاری ئه‌م قه‌یرانه هه‌ین، کام قه‌یران؟ مه‌به‌ستم قه‌یرانی خۆکه‌م پێزانینه، قه‌یرانی بینینی قه‌شمه‌ر وه‌ک پیاوێکی سمڵ فشی پانتۆڵ شۆڕی گووبه‌خۆداکردو. راسته ئێره دنیای توڕه‌هاته و مه‌به‌ست قسه‌ی قۆڕه به‌ڵام گه‌ر ورد بڕوانین تێده‌گه‌ین ئێمه‌ی قه‌شمه‌ری خوێنده‌واری سه‌ده‌ی ئینتێرنێت و ته‌قینه‌وه‌ی زانیاری، سه‌ده‌ی تیجاڕه‌تی ئێلێکتڕۆنیک و سه‌رهه‌ڵدانی گڵۆبالیسم، ئێستاش که ئێستایه زه‌ینمان یه‌خسیری خێڵێک کاراکتری کۆن و دواکه‌وتوو وه‌ک حه‌زره‌ت، شێخ، کوێخا، مه‌لا، کوێخاژن و شتی وایه (لێره‌دا به‌شێک له دانیشتوان ناوچاوان تێک ده‌نێن و تماشای یه‌کتر ده‌که‌ن). به‌تایبه‌ت نازانم بۆچی وه‌ختی قه‌شمه‌رایه‌تی دێت هه‌موو ده‌بینه کوردێکی حه‌په‌ی لادێ که سواری گوێدرێژ بوه و نه‌قیزه ده‌وه‌شێنێ و قه‌راره بچێت بۆ شار. تاکه‌ی ده‌بێ قه‌شمه‌ریسمی ره‌سووڵ نادری و حه‌مه‌ی مهاباد و رشته‌ی مرواری و توڕه‌هاتی کۆنی وا دووپات که‌ینه‌وه؟ ئێمه تاکه‌ی ده‌بێ ته‌نزه‌کانمان بێنینه ئاستی لادێیه‌کی نه‌خوێنده‌وار. عازیزان، له‌بیرتان نه‌چێ پووره ته‌مین و خاڵه برایم نایه‌ن سه‌ردانی قه‌شمه‌رئاوا بکه‌ن. ئه‌وان هه‌ر نازانن قه‌شمه‌رئاوایه‌ک هه‌یه یا نا. به بڕوای من قه‌شمه‌رئاوای تازه نابێ دێهات بێت، به‌ڵکوو ده‌بێ شارستان بێت، شارستانێک که نیشتمانی مه‌جازی و پێشه‌که‌وتوو بۆ هه‌مو قه‌شمه‌رێکی ئاواره و قنگ به گێچه‌ڵه (لێره‌دا قنگ به گێچه‌ڵ له خه‌و راده‌چڵه‌کێ)، قه‌شمه‌رێک که ره‌نگه نه‌زانێ چۆن راوه که‌و بکا به‌ڵام ده‌زانێ کولیجی بایۆلۆژی کچی جوانتری لێیه تا کولیجی کامپیوته‌ر. گوێگرانی به‌ڕیز، من لێره‌دا ده‌مهه‌وێ بزووتنه‌وه‌یه‌کی نوێ به ناوی نێئۆقه‌شمه‌ریسم بهێنمه گۆڕێ و بۆ یه‌که‌مین هه‌نگاو له‌م رێبازه‌دا پێشنیار ده‌ده‌م ناوی قه‌شمه‌رئاوا بگۆڕین و بیکه‌ین به قه‌شمه‌رسیتی و کوێخا ... (لێره‌دا ته‌حه‌مولی دانیشتوان ته‌واو ده‌بێ و هه‌موو ده‌که‌ونه سه‌ر وێژه‌ر و تێڕوپڕ تێهه‌ڵده‌ده‌ن و پاسپۆرته‌که‌شی لێده‌ستێننه‌وه)


