ته‌نز؟
نازانم من هه‌رچی فکری لێده‌که‌مه‌وه ده‌بینم پێویستمان زۆرتر به پاره‌یه تا پێکه‌نین. جووتێک پێڵاوی تازه، شاڵوارێکی نوێ، تیغی ردێن، چووزانم خه‌میر ده‌ندان، لفکه‌ی حه‌مام، ئه‌وانه هه‌مووی له پێکه‌نین باشتر نین؟ نه‌وه‌یکه من پیاوێکی پووڵه‌کی بم، به‌ڵام هه‌ست ده‌که‌م له‌خۆڕا پێکه‌نینمان له‌خۆمان گه‌وره کرد‌وه. یانی مه‌جبووری پێبکه‌نی و زۆربه‌ی کات پێکه‌نینشت نایه. جا ئه‌وسا خراپتر دوچاری خه‌م و خه‌فه‌تیش ده‌بی چونکه پێکه‌نینت نایه. له خۆت ده‌پرسی، باشه بۆ پێکه‌نینم نه‌هات؟ به‌خودا له مێژه پێنه‌که‌نیوم. ئاخرین جار که‌ی پێکه‌نیم؟ دۆنه‌که؟ نا. پێره‌که؟ نا ئه‌وه حیساب نیه. به دڵ پێنه‌که‌نیوم ... عه‌جه‌ب به‌دبه‌ختیه‌ک!
فارس گوته‌نی " خنده بر هر دردی دواست". فیکری لێبکه‌نه‌وه، له‌وه قسه‌ی قۆڕ و به‌لاشتر په‌یدا ده‌بێ! کام ده‌رده به پێکه‌نین عیلاج ده‌بێ؟ بۆ خۆمان که‌رکه‌ین؟ هه‌ڵبه‌ت هه‌یه جاروبار له رۆژنامه‌کان دا ده‌نووسن فڵانه پسپۆڕ و توێژه‌ری ئامریکایی دوایی ئه‌زموونی زۆر به‌و ده‌ستکه‌وته گه‌یشتووه که پێکه‌نین بۆ نه‌خۆشی چووزانم میزه‌ڵدان باشه! ده‌ڵێن ئه‌زموونه‌کانی ئه‌م توێژه‌ره نیشانی داوه ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌یانیه‌ک دوو ده‌قه پێبکه‌نی ئیحتیمالی ئه‌وه‌یکه تووشی میزه چورکه بی زۆر که‌مه‌تره! تازه ئه‌گه‌ر بڕواشمان به قسه‌ی توێژه‌ره‌کان هه‌بێ، به‌ڕاستی چ گلحۆیه‌ک هه‌موو رۆژێ پێده‌که‌نێ تا دوچاری نه‌خۆشی میزه‌ڵدان نه‌بێ؟
مه‌سه‌لێکی تر ده‌ڵێ، " ئه‌وه‌ی ده‌گری ده‌ردێکی هه‌یه، ئه‌وه‌ی پێده‌که‌نێ هه‌زار ده‌ردی هه‌یه". وته‌یه‌کی جوانه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یامی نهێنی مه‌سه‌له‌که بگری، له بنه‌وه پێت ده‌ڵێ، پیاو به! پێبکه‌نه! یانی ئه‌گه‌ر هه‌زار ده‌ردیشت هه‌یه بزه بێنه سه‌رلێوت و بیانشاره‌وه. ئه‌وسا خراپتر! ده‌رد و غه‌میشت بێ، ده‌بێ پێبکه‌نی. هووووو!
سه‌رڕای ئه‌مانه، له ده‌لاقه ته‌جروبه‌شه‌وه بڕوانینه دیارده‌ی پێکه‌نین، بۆ شه‌خسی من ده‌رکه‌وتووه، هامووشۆی مه‌جلیسی خه‌نده و پێکه‌نین و تماشای فیلمی کۆمیدی و شتی وا، جگه له‌وه‌ی وه‌ختت به فیڕۆ ده‌دا، یه‌ک ده‌رد و خه‌میشت لێ که‌م ناکا. به پێچه‌وانه مه‌جلیسی تازیه و سه‌ره‌خۆشی و دیداری که‌سی ناساغ هه‌میشه هه‌ستێکی ئازادی و له‌شساخیت تێدا ده‌بزوێنێ و باعیسی پته‌وتر بوونی پێوه‌ندیه‌کانیش ده‌بێ.
له کۆتایی ئه‌وه بڵێم من هیچ دژایه‌تیه‌کم له‌گه‌ڵ پێکه‌نین نیه و بۆخۆم هه‌موو به‌یانیه‌ک لانیکه‌م دوو ده‌قه پێده‌که‌نم و له‌وانه‌یه قه‌ت تووشی نه‌خۆشی میزه‌ڵدان نه‌بم، به‌ڵام به‌ڕای من پێکه‌نین به زۆری ناکرێ و له‌وه دژوارتر نووسینی ته‌نز و نوکته‌یه. هیوادارم خوێنه‌رانی قه‌شمه‌رئاوا ئه‌وه ره‌چاو بکه‌ن و به‌خاتری پێکه‌نیناوی نه‌بوونی (هه‌ندێک له) نووسراوه‌کانمان لێمان عاجز نه‌بن. باوه‌ڕ که‌ن ته‌نز نووسین زۆر سه‌خته. هه‌ر بۆخۆتان ئێستا ئیمتیحانی که‌ن. بیر بکه‌نه‌وه، شتێکی پێکه‌نیناوی بنووسن و بۆ ئێمه‌ی بنێرن. نامه‌رد بین ئه‌گه‌ر لێره‌ی بڵاوی نه‌که‌ینه‌وه!
