بۆ که‌س هیچ ناڵێ؟
بۆ که‌س هیچ ناڵێ؟
من ئاخری نه‌مزانی حیکمه‌ت له چی دایه؟ بیستو‌وتانه بازێک ده‌ڵین فڵانه کار یا رووداو حیکمه‌تێکی تێدا بوه. به‌ڕاستی حیکمه‌ت له چی دایه؟ ئه‌سڵه‌ن کار هه‌یه حیکمه‌تی تێدا نه‌بێ؟ ئه‌گه‌ر هه‌مووشتێک حیکمه‌تێکی تێدایه ئیدی بۆ ده‌ڵێین حیکمه‌تی تێدایه؟ ئه‌گه‌ریش وا نیه، بۆ جارێک یه‌کێک نایه بڵێ فڵانه کار حیکمه‌تی تێدا نه‌بوه؟ وه‌ختی وا بۆ که‌س هیچ ناڵێ؟ باشه بۆ قه‌ت گفت‌وگۆی وا سه‌رناگرێ؟
کاک ئیکس: ده‌زانی ئه‌و کوڕه کاک دابڵیوو زگی ده‌زگیرانه‌که‌ی پڕ کردوه!کاک ئیگرێگ: کام کاک دابڵیوو!؟
کاک ئیکس: ماڵته ئه‌وه‌ی دانشجووی ریازی بوو. جارجار ده‌هاته میوانیه‌کانی داده زێد.
کاک ئیگرێگ: ئه‌ها، ئه‌ها. ئه‌و هه‌تیوه سه‌رپووته.
کاک ئیکس: به‌دبه‌خت ده‌یگوت به کاندۆم ماندۆمیشه‌وه کوتاویه‌تی.
کاک ئیگرێگ: عه‌جه‌ب. بڵێم چی. حه‌تمه‌ن حیکمه‌تێکی تێدا نه‌بوه.
کاک ئیکس: منیش هه‌ر بڕوام وایه.
نازانم من ته‌نیا کوردێکم ئه‌و موشکیله‌م هه‌یه یا قسه‌ی دڵی ئێوه‌ش ده‌که‌م. به‌هه‌ر حاڵ من ده‌بێ قسه‌ی دڵی خۆم بکه‌م. فورمولی به‌کارهێنانی له‌قه‌بی مامۆستا چۆناوچۆنه؟ مه‌سه‌له‌ن دروسته ئێستا من بڵێم مامۆستا به‌ختیار عه‌لی یا جارێ زووه؟ یا مه‌سه‌له‌ن مامۆستا قاله مه‌ڕه ئیرادێکی هه‌یه؟ مامۆستا به‌همه‌نی قوبادی چی؟ ئه‌ی مامۆستا له‌یلا فه‌ریقی؟ به‌ڕاستی سنووری مامۆستایه‌تی له کوێیه؟ کام هونه‌رمه‌ند و شاعیر مامۆستایه، کامیان مامۆستا نین؟ ئه‌وانه‌ی مامۆستا نین که‌ی ده‌بنه مامۆستا؟ باشتر وانیه وازبێنین تا وه‌ختێک ده‌مرن؟ دوایی لێژنه‌یه‌ک دامه‌زرێنین و به رای گشتی بۆ هه‌میشه بیخه‌ین به‌لایه‌کدا؟ باشه ئێستا مامۆستای (مامۆستا قانیع) کامیانه؟ هی مه‌لایه‌تیه یا چونکه شاعرێکی چاک بوه؟ ده‌کرێ مامۆستا بۆ قاره‌مانی وه‌رزشی به‌کار بێنین؟ یا ئه‌گه‌ر ده‌ڵێین مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س، دروسته به ژنه‌که‌ی له‌قه‌بی مامۆستاژن بده‌ین؟ ئه‌گه‌ر ئافره‌تی هونه‌رمه‌ندیش له‌قه‌بی مامۆستای پێوه بنووسێ، به مێرده‌که‌ی چی بڵێین؟ مامۆستامێرد؟ هیچی پێ نه‌ڵێین؟ ئه‌ی چۆن بانگی بکه‌ین؟ بۆ که‌س هیچ ناڵێ؟
مرۆڤ، تاڤگه، بزاڤ. ئیدی چیمان هه‌یه؟ چیکه‌م به زه‌ین ناگا. حه‌قم پێ بده‌ن زۆر دڵم بۆ پیتی (ڤ) د‌ه‌سووتێ. جێی مه‌ترسی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر بڕوامان به تیۆری داروین (گۆڕانی ئارام) هه‌بێ له‌وه ناچێ ئه‌م پیته به‌سته‌زمانه له به‌رامبه‌ر ملهوڕ و حه‌رامزادی وه‌ک (و) و (ف) به‌رگه بگرێ. نازانم بۆ که‌س کارێک بۆ پیتی (ڤ) ناکا؟ هه‌ر به‌خاتری ئه‌وه من پێشنیار ده‌ده‌م بۆ پاراستنی (ڤ) له بزربوونی ئارام که‌مپه‌ینێک رێکبخه‌ین. بۆ نموونه داوا بکه‌ین، یاسایه‌ک دانێن که هه‌موو نووسه‌رێک له هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ک‌دا پێویسته لانیکه‌م جارێک پیتی (ڤ) به‌کاربێنێ. یا هه‌رچی وشه‌ی تازه‌یان دروست کرد حه‌تمه‌ن دوو-سێ دانه (ڤ) تێبخه‌ن. مه‌سه‌له‌ن به کامپیوتێڕ بڵێین (ڤاڤوڤ)، یا به دی‌وی‌دی بڵێین (ڤی‌ڤی‌ڤی). ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسایانه په‌سند نه‌کرا، ئیدی من نازانم چی‌تر له ده‌ستمان دێ. (ڤ)تان له‌بیر نه‌چێ!
ده‌زانن ده‌بێ چی بکه‌ین؟ پێش ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵه‌کانی کۆمه‌ڵگا چاره‌سه‌ر که‌ین من پێشنیار ده‌ده‌م دروست کردنی کلیپ بۆ گۆرانی(گۆرانی کلیپ) قه‌ده‌غه که‌ین. باوه‌ڕکه‌ن من تێستاش لێم حاڵی نه‌بوه که‌ڵکی دروست کردنی گۆرانی کلیپ چیه. جا ئێوه هه‌ر بڵێن من دواکه‌وتووم. باشه مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه گۆرانی‌بێژ حه‌زی له دار‌و ده‌وه‌ن و سه‌وزاییه؟ حه‌زی له کانیاو و چه‌م و سه‌یران و هه‌ڵپه‌رکێیه؟ حه‌زی له ژنی جوان و به‌ژن‌وباڵا رێک‌وپێکه؟ ده‌ی باشه، باشه. قه‌یدی نیه. ئه‌وانه هه‌موو شتی چاکن. کێ ده‌ڵێ خراپن. به‌ڵام پێموایه ته‌مای سه‌ره‌کی ئێمه بۆ تماشا کردنی گۆرانی کلیپ و تڕه‌ماش ئه‌سڵی گۆرانیه‌که‌یه، وانیه؟ له گۆرانیه‌که‌ش ئه‌سڵتر، ده‌نگی گۆرانیبێژی سه‌گبابه! پێم سه‌یره، من نازانم بۆ که‌س تا ئێستا هیچی نه‌گوتووه؟ که‌س تا ئێستا هه‌ڵنه‌ستاوه بڵێ، به‌سه ئیدی! ده واز له‌و زبڵ و ئاشغاڵ دروست کردنه بێنن. له‌لایه‌کی‌تریش گورانی‌بێژی سروشت خۆشه‌ویست و به‌خه‌یاڵ هونه‌رمه‌ندیش له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئینێڕژی خۆی به‌فیڕۆ بدا‌و وه‌ختی جه‌ماعه‌تیش بگرێ وا چاکتر نیه له‌سه‌ر ئه‌سڵی کاره‌که، یانی ده‌نگه نه‌پۆڕه‌که‌ی، ته‌مرین بکا؟ یا ئه‌سڵه‌ن بچێت به شوێن پێشه‌و کاروکه‌سپێکی دیکه، قازانجی بۆ هه‌موولایه‌ک زۆرتر نیه؟ خراپ ده‌ڵێم؟
*******************
[پێنووس: له‌م نووسراوانه‌دا له بیرم چوو ئاماژ‌ه‌م به‌وه بکه‌م که من له خاریجه‌م. ده‌مه‌وێ هه‌ر لێره دیسان یاداوه‌ری بکه‌م که من له خاریجه‌م و دوایی نه‌ڵێن نه‌یگوت. به‌ڵێ هه‌روا گوتم من له خاریجه‌م. زۆریش که‌یفی هه‌یه ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ بزانن چۆن ده‌گوزه‌رێ.]