ناله‌بۆقه
ناله‌بۆقه
سێبه‌ری سه‌ماوه‌ره‌كه كه‌وتبووه سه‌ر سه‌ری گامێشه‌كه، دوو هێلكه‌ی مریشكی خۆماڵیی له‌ناو قاپێكی روحی خێچ و خوار دا وه‌سه‌ر نابوو و، قوڵته قوڵت خه‌ریك بوو ده‌كوڵان، هێڵه‌گه‌كه‌ی ته‌كاند و سه‌ری به‌ره‌و ئاسمان به‌رزكرده‌وه، مانگه شه‌و بوو، مێوژێكی له زاری خست و مێشووله‌یه‌كی به‌لاڕوومه‌تییه‌وه كوشت. ئاهـ ! مێرووله! به‌شه‌ویش واز ناهێنن؟! قڕتان تێ كه‌وێ! له عه‌یبه‌تی عاره‌قه ملوانكه گوێچكه ماسییه‌كه‌ی له ملی كرده‌وه و به بێزارییه‌وه فڕێدایه سه‌ر جێوبانه‌كه‌ی. ده‌لینگه‌كانی پاتۆڵه‌كه‌ی هه‌ڵكرد، چاوی به زه‌ده‌یه‌كی كۆن كه‌وت، كوتووپڕ خه‌یاڵی رۆیشت، وه‌بیر ته‌رزه‌بارانێكی دوور كه‌وته‌وه، زۆر دوور، شه‌و بوو، له‌پشته‌وه به ئه‌سپایی له چه‌په‌ره تێک قرماوه‌که‌ی روو به ته‌ویله‌که‌یان ده‌چووه ده‌رێ، قولاپه‌ی لاقی له چیلکه‌یه‌کی ناقۆڵا که وه‌ک نه‌قیزه لو چه‌په‌ره‌که هاتبووه ده‌رێ هه‌ڵئه‌نگووت و ئه‌م زه‌ده‌یه‌ی بۆ كرد به دیاری بۆ هه‌تا هه‌تایه، له‌گه‌ڵ چوونه ده‌ره‌وه ده‌ستی دایه کۆڵه‌وه‌ژه‌که‌ی به‌ر ده‌رکه‌ی مدبه‌ق و به بزه و به‌تریقانه‌وه‌یه‌كی ئاوێته له گه‌ڵ ترسێكی گورچووبڕ، چه‌په‌ری له‌پشت خۆی داخست و خۆی خسته ئامێزی "با"وه و به‌فراو به‌فر هه‌ڵات، هه‌ر هه‌نگاوه و دڵۆپێك خوێن و هه‌زار هه‌نگاو دیلیی به‌جێ ده‌هێشت. نه‌فه‌رێك خه‌ریك بوو باگردانی لێ ده‌دا، له حه‌ژمه‌ت باوبۆران نه‌یتوانی جوان سه‌ری هه‌ڵێنێ بزانێ كێیه، ئه‌وه‌نده نه‌بێ ده‌یزانی ماڵه داربه‌ڕووه‌به‌رزه‌كه‌یه، ئه‌و ماڵه‌ی به كوڕه‌كانیان ده‌گوتن: بۆقه!
ده‌ر‌زیله‌ی پشتوێنه‌كه‌ی لێكرده‌وه و پشتوێنه‌كه‌ی شل كرده‌وه و له عه‌یبه‌تی گه‌رما له‌پشتی داماڵی و فڕیدایه سه‌ر جێگه‌وبانه‌كه‌ی! چه‌قه دووكه‌ڵ و گه‌رمای ته‌ندووره‌که ئه‌وه‌نده زۆر ببوو كه‌ڵی تێدا نه‌ده‌ژیا، ده‌ستی بۆ گیرفانی برد و له‌تکه ئاوێنه‌یه‌كی هێنایه ده‌رێ و له‌به‌ر گڕ و بڵێسه‌ی جار به‌جاری ته‌ندووره‌كه سه‌یرێكی ده‌م و ددانی كرد و خستییه‌وه گیرفانییه‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌ست هێنانه‌ده‌ره‌وه شتێك به‌ده‌ستییه‌وه‌هات، جه‌رگ و دڵی داوه‌شاند، ده‌سحێب بوو، ئه‌م ده‌سحێبه‌ش وه‌ك ملوانكه گوێ ماسییه‌كه و پشتوێنه كوده‌رییه‌كه هه‌ر دیاری ئه‌و بوون. ده‌سحێبه‌كه‌ی خسته ناو ته‌ندووره‌كه‌وه! تف له‌تۆش ته‌واوی ته‌مه‌نم پێت پاڕامه‌وه چیت پێدام، ده‌بسووتێ ده‌ی! دووپشكێك له خوار شیردۆشه‌كه را ده‌هاته واوه!
گه‌ڕایه‌وه سه‌ر خه‌یاڵه‌كه‌ی و به‌فراو به‌فر هه‌ڵده‌هات و دڵۆپه به دڵۆپه له هه‌زار دیلی دوور ده‌كه‌وته‌وه. گه‌یشتنه یه‌ك، له‌گه‌ڵ با خۆی خسته ئامێزی قه‌ڵافه‌ته گامێشانه‌ییه‌که‌ی گراوه‌که‌یه‌وه و گوتی: ئه‌و داسه خوێناوییه چییه پێته؟ گۆتی: گوێ مه‌ده‌یه، جارێ بابڕۆین، با هه‌ڵێین، راوه‌سته! ئه‌م خوێنه چییه؟ تۆ بۆ لاقت خوێنێ لێ دێ؟
خرته‌یه‌ك له‌بن مه‌ڵه‌غانه‌كه هات، ئه‌وه چییه؟ گووبه‌مشك! جه‌رگ و دڵم نه‌ما! قومێكی ئاو خوارده‌وه و مێوژێكی دیكه‌ی خسته زارییه‌وه. ئه‌و هه‌ویره هیچه كه‌ی هه‌ڵدێ؟! ئاهـ! بێتاقه‌ت بووم! بایه‌كی فێنك له سه‌ر و بسكی تێپه‌ڕ بوو، ئێستا ئیترکۆلکه‌کان هه‌موویان بوونه‌ته پۆلوو، كۆڵه‌وه‌ژێكی تێوه‌ژاند و به نووكی كۆڵه‌وه‌ژه‌كه له‌سه‌ر دیواره قوڕه‌سواخه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری نووسی: ناله! هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی سه‌واد هه‌بوو ئه‌ویش په‌موو فێری كردبوو، له دڵی خۆیدا ده‌یگوت: ناله قه‌یسی، ناله قرژاڵ، ناله قالۆنچه! ناله بوقه! ئه‌و ناونیتكه‌یه و سه‌د ناونیتكه‌ی دیكه‌ش كه خه‌ڵك بۆ ئه‌و كوڕه و براکانیان دۆزیبۆوه. پێڵاوه‌كانی به‌سه‌ر پێوه‌كرد و چووه به‌ر ده‌گا و چاوێكی دیكه‌ی له ئاسمان بڕی و له ده‌موچاوی مانگ خورد بۆوه، بۆنه پیوازێكی ناخۆش به‌بن لووتیدا هات، بۆ تسی ئه‌و گامێشه‌ی مێردی بوو، وای خه‌و لێ كه‌وتبوو به كوتكیش خه‌به‌ری نه‌ده‌بۆوه! هه‌رچی پووش و په‌ڵاشی ئه‌و دۆڵه بوو خستبوویه به‌ر ده‌م و لووتی به‌ڵكوو خه‌وی لێ ببێته زه‌هری مار!
به‌ڕاستی تا ده‌مرم قه‌رزاربارتم په‌موو! نا كچێ ئه‌و قسه‌یه چییه ده‌یكه‌ی! باشه په‌موو ده‌بێ چۆنی ئه‌و حه‌بانه پێبده‌م؟! شه‌وێ به‌ر له خه‌وتن بیخه ناو په‌داخێك شیره‌وه و بیده‌یه با به‌قوزه‌ڵقۆرتی بكات ئه‌و گامێشه! باشه په‌موو ماڵت نه‌شێوێ، ئه‌وه‌نده‌ش دڵره‌ق مه‌به، خۆت ده‌زانی من ره‌دووی كه‌وتووم! به خۆشه‌ویستی ڕه‌گه‌ڵی كه‌وتووم، ئه‌و قسه ره‌قانه‌ی پێ مه‌ڵێ! ده‌ی باشه باش كچێ! ره‌دووی كه‌وتووم ره‌دووی كه‌وتووم! ره‌دووی گامێشێك كه‌وتووی که به داس سه‌ری بابی خۆی لێ كردۆته‌وه و ساڵی جارێكیش ده‌ست بۆ گه‌ڵت نابا! واز بێنه له‌و قسه قۆڕانه! باشه په‌موو ژنه‌كانی ناو شار زۆر له‌وكارانه ده‌كه‌ن؟ زۆر؟! كچێ زۆری چی؟ بڵێ كێ نایكا!؟ هه‌ر هه‌موویان ئه‌وه پیشه‌یانه! ئه‌وه ده‌ڵێی چی!؟ باشه په‌موو ئاخر خۆ ده‌زانی من ئه‌و هه‌تیوه قه‌یسییه قڕژاڵه‌م خۆش ناوێ و وه‌ختایه‌كی ده‌یبینم وه‌خته بڕشێمه‌وه جا چۆن ده‌توانم دۆخینی بۆ شل بكه‌مه‌وه؟! ده‌ك ده‌رك و بابانت دڕێ، تۆ بۆ ئه‌وه‌نده گێلی، كێ له‌و ته‌مه‌نه‌ی تۆدا له جوانی و باڵا و شتی وا ده‌پرسێ، ئه‌و هه‌تیوه قایسییه شتێكێ پێوه‌یه به‌حه‌زره‌تی غه‌وزیشه‌وه نییه! هه‌ر ئه‌وه‌نده بزانه و ته‌واو! قسه‌كانی خۆی و په‌مووی زوو زوو وه‌بیر خۆی ده‌هێنایه‌وه و له‌به‌ر لێوه‌وه زوو زوو ده‌یگوت: باشه ئه‌و ناله بۆقه بۆ نه‌هات، تۆ بڵێی په‌موو هه‌ڵیستاندبێ!؟ بڵێی ئاگاداری كردبێته‌وه؟!
ناله هات، هه‌ر له ڕێوه و به‌پێوه كراس و كڵاوی فڕێ‌دا و پڕی پێدا كرد، به پسكه پسك و پڕیشكه پڕیشكی ده‌م وفڵقی ده‌ستی كرد به خۆ شیرن كردن: ئه‌وه‌یه كه‌له‌م، داش كه‌له‌مه داش كه‌له‌م! كێچێك له ناله‌وه بازیدایه سه‌ر رێزانه قون خڕ! رێزان سه‌یرێكی مێرده گامێشه‌كه‌ی كرد و به‌دڵنییایه‌وه خۆی به ناله قوڵه به‌ده‌سته‌وه دا، پور رێزان به‌خۆی و شه‌ست ساڵ ته‌مه‌نه‌وه ده‌ستی كرد به ناڵه ناڵێك كه كچی چارده‌ساڵ له‌شه‌وی بووكێنیی دا نایكات، ناله ته‌واو بوو، شقارته‌یه‌كی داگیرساند و جگه‌ره‌یه‌كی پێكرد، گسكێكی له‌بن قوونی بوو هێنایه ده‌رێ و فڕێدایه ئه‌ولا، له ته‌پڵی سه‌ری دووپشكه‌كه كه‌وت، دووپشكه كه ورووژا، دووپشكه‌که نزیكتر بۆوه، ناله پیاوی ئاغایه، دووپشكه‌که نزیكتر بۆوه، دووزه‌له لێ ده‌دات، دووپشكه‌که نزیكتر بۆوه، دووزمان و خانم بازه، دووپشكه‌که نزیكتر بۆوه، عاشقی ناوكه شووتییه، دووپشكه‌که نزیكتر بۆوه، رقی دنیای له حاجی له‌ق له‌قه، دووپشكه‌که نزیكتر بۆوه، رێواس به توێكڵه‌وه ده‌خوات، دووپشكه‌که نزیكتر بۆوه، ئه‌گه‌ر رۆژێك گوتیان ئه‌سپێ له‌سه‌ر عه‌رزی نه‌ماوه، ده‌توانن بچن له گیانی ناله كێچه، هه‌زار ئه‌سپێ بدۆزنه‌وه، دووپشكه‌كه به‌ناله بۆقه‌وه‌ی دا، خات رێزان خورووی شكا و ناله به ناڵه ناڵ ده‌رپه‌ڕی، رێزان قوون خڕ له‌به‌ر خۆیه‌وه گوتی: ئاخ په‌موو به‌سه‌ری پیری تووشی چت كردین؟!