كتێبی خیلقه‌ت، به‌شی دوو
كتێبی خیلقه‌ت
به‌شی دوو
به‌دیتنی گوێدرێژ خودا برووسكه هۆمێدێك كه‌وته دڵی. بێ‌مه‌حته‌لی به ڕاكردن خۆی گه‌یانده گوێدرێژ و چاوی بۆ باقی زینه‌وه‌ره‌كان گێڕا. به‌ڵام گوێدرێژ ته‌نیا بوو و ته‌نانه‌ت له جێی خۆی جووڵه‌ی نه‌كرد. ئه‌وسا خودا چووه پێشێ و ده‌ستێكی به‌سه‌رو پشتی گوێدرێژدا كێشا. گوێدرێژ ملی هه‌ڵێناو تماشایه‌كی خودای كرد. به‌ڵام دوباره سه‌ری داخست و چه‌ڕینی خۆی سه‌رگرته‌وه. پاشان خودا چه‌ندجار حه‌ولی دا گوێدرێژ بهێنێته قسه به‌ڵام بێفایده بوو. ئاخری خودا به ناهۆمێدیه‌وه گه‌ڕاوه ناو قه‌سره‌كه‌ی.
٭٭٭٭٭
رۆژانی دواتر بێرووداوێكی ئه‌وتۆ تێپه‌ڕی. خودا زۆربه‌ی كات له‌ناو قه‌سره‌كه‌ی ده‌ماوه و ته‌خته‌كه‌ی به‌جێ نه‌ده‌هێشت. خودا خه‌مۆك ببو. دایمه له‌ناو فیكر دابوو. ته‌نیا جاروبار كه بێتاقه‌ت ده‌بوو ده‌چوه دیوه‌خانی سه‌ره‌كی و له‌به‌ر پیانۆیه‌كی گه‌وره داده‌نیشت و موسیقای غه‌مگینی ده‌ژه‌نی (زۆرتر حه‌زی له باخ بوو و ئه‌وانی‌تری به‌ده‌گمه‌ن ده‌ژه‌نی). یا تاوناتاو هه‌ڵده‌ستا ده‌چووه به‌ری په‌نجێره‌و سه‌یری وڵاتی ده‌كرد. گوێدرێژ له گۆشه‌یه‌كی باغ بۆخۆی ده‌ڵه‌وه‌ڕی. باغ بێده‌نگ و نوستاڵژیك بوو.
٭٭٭٭٭
... خودا ورده ورده له‌دینده‌رچوو. تێرامانه‌كانی به نه‌تیجه‌یه‌ك نه‌گه‌یی و رۆژ‌له‌گه‌ڵ‌رۆژ فكری شپرزه‌تر ده‌بوو. شه‌وانه خه‌ونی ئاڵۆزی ده‌دی. نه ده‌ستی بۆ خولقاندن ده‌چوو و نه ته‌دبیرێكی بۆ ده‌كرا. خودا دین و ئیمانی نه‌مابوو. سه‌رنجام رۆژێك تووڕه و عاجز له‌قه‌سر هاته‌ده‌رێ و تێڵایه‌ك به‌ده‌ست به‌ره‌و شوێنی گوێدرێژ كه‌وته رێ. ته‌نیا رێگایه‌ك كه بۆی مابوو سه‌رده‌رهێنان له سڕی ئه‌م گوێدرێژه بێزمانه بوو. خودا ئه‌رخه‌یان بوو گوێدرێژ ته‌نیا كلیلی ئه‌م مه‌ته‌ڵه دژواره‌یه. ده‌یویست به‌هه‌رله‌ونێك بێ گوێدرێژ مه‌جبوور به ئاخافتن كا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر توندوتیژی پێویست بێ.
له‌سه‌ره‌تا خودا حه‌ولی‌دا به نه‌رمی و قسه‌ی خۆش گوێدرێژ بێنێته قسه. " گوێدرێژگیان پێم بڵێ مانای ئه‌مانه چیه؟ ئه‌م باغه بۆ چۆڵ بوه. ئه‌تۆ ده‌بێ شتێك بزانی. پێم بڵێ! چاوم لێكه. من خودام... ئاه ببووره. من خۆم نه‌ناساند. حه‌تمه‌ن نامناسی... من خودای گه‌وره‌م. دیاره پێیان نه‌گوتوی. گوێ بگره من ئێستا پێت ده‌ڵێم. من خولقێنه‌ری ئێره‌م. تماشاكه. هه‌مووشتێك. من تۆشم خولقاندوه .... یانی .... نازانم... ئێستا هیچ نازانم. هیچ! ... به‌ڵام چۆن ئیمكانی هه‌یه؟ ها؟ هیچ شتێك بێ ئه‌مری من ناكرێ ... ئه‌تۆ بۆ قسه ناكه‌ی. كێ تۆی ناردۆته ئێره؟ پێم بڵێ. خودایه‌كی تر هه‌یه؟ خودا؟"
گوێدرێژ بێده‌نگ بوو و وه‌ك شتێك ترسابێ خۆی ده‌كێشا دواوه. له‌لایه‌كی‌تر خودا ملی ئاژه‌ڵی بێ‌زمانی گرتبوو و به‌ده‌ستێكی تر تێڵاكه‌ی هه‌ڵگرت. سه‌رنجام نۆبه‌ی به توندوتیژی گه‌یشت.
خوێن فیچقه‌ی كرد. خودا تێڵاكه‌ی زرم و زرم له‌سه‌ر مۆغه‌ره‌ی پشتی گوێدرێژ راده‌كێشا. گوێدرێژ ده‌یزه‌ڕاند و خوێن فیچقه‌ی ده‌كرد. به‌ڵام خودا ده‌ستی هه‌ڵنه‌ده‌گرت. ئاخری خوێن هێنده فیچقه‌ی كرد كه وه‌ك رووبارێكی سوور له پشتی گوێدرێژ بازره‌قه‌ی كرد و وڵاتی كرده گۆمێك له خوێن. باغ ته‌واوی له‌ناو خوێن دا نوقم بوو. خودا په‌له‌قاژه‌ی ده‌كرد و به به گێژاوی خوێن دا رۆشته خوارێ.
٭٭٭٭٭
خودا شڵه‌ژاو خه‌به‌ری بۆوه. گیانی شه‌ڵاڵی عاره‌ق بوو. زاری وشك هه‌ڵاتبوو و سه‌رسام و گێژ تماشای ناو وه‌تاغه‌كه‌ی ده‌كرد. پاش ماوه‌یه‌كی كورت، وه‌ختێك هۆشی هه‌ندێك گه‌ڕاوه، له جێگاكه‌ی هاته ده‌رێ و چووه ناو باغ. ئاسمان هه‌ورو لێڵ بوو. بارانێكی نه‌رم ده‌باری و هه‌ردی خووساندبوو. گوێدرێژ له شوێنی جارانی ده‌ڵه‌وه‌ڕی!
خودا باوه‌شی به گوێدرێژ دا كرد و ده‌ستی كرده گریان. بۆ یه‌كه‌مین جاربوو فرمێسكی ده‌ڕشت. خودا گوێدرێژی ماچ ده‌كرد و كوڵ كوڵ ده‌گریا. چوارپێی بێزمان خۆی ده‌كێشا دواوه و خودا فرمێسكی ده‌ڕشت و ده‌یگوت "بمبه‌خشه! بمبه‌خشه!" ئاخری گوێدرێژ سڵی كرد. حه‌یوان به غار دوور بۆوه و خودا به دوویدا هه‌ڵده‌هات.
كۆتایی
٭٭٭٭٭٭
دواوتار
له رۆژێكی كوڵاوی هاوین، قه‌شۆ و قه‌شێ ژێر سه‌هه‌نگی دره‌ختێكی كۆن دانیشتبوون. قه‌شێ رووی كرده قه‌شۆ و گوتی " هه‌سته بڕۆین سه‌رێك تا ماڵی مازوو بچین. من بڕیارم داوه ئه‌مڕۆ بچم تاوێك"
" ئاه،. لێمانگه‌ڕێ. حه‌وسه‌له‌ت هه‌یه تۆش. ئه‌و كابرایه شێت و پێته چیه تۆ عاشقی بووی. "
" ئاخه گوناحه! ئه‌و پیاوه پیره ته‌نیایه. جگه له ئێمه كه‌سی نیه. تازه شێت و پێتیش نیه. ته‌نیا هه‌ندێك جیاوازه له خه‌ڵكی كه."
" چی! شێت نیه ئه‌و كابرایه؟ توخودا تۆ ئه‌و كابرایه‌ت پێ شێت نیه؟ ئه‌و كابرایه ده‌ڵێ من زه‌مانێك خودا بووم. خولقێنه‌ری ئه‌م دنیایه. ... له خودایه‌تی تۆبه‌م كردوه! هاها"
" من بڕوام به قسه‌كانی نیه به‌ڵام ..."
" به‌ڵام چی؟"
" نازانم ... من .... جاری وایه هه‌ست ده‌كه‌م راست ده‌ڵێ. ئاخه جورێك قسه‌ده‌كا ده‌ڵێی ئیمانی راسته‌قینه‌ی هه‌یه. كه‌س لێره ئیمانی نیه."
" شێته شێت! ئه‌و كابرایه شێته. تۆش له‌و شێت تری. .. مه‌گه‌ر ئه‌و كابرایه ناڵێ ئێوه‌م له ئێسكی مۆره‌پشتی گو‌ێدرێژێك دروست كردوه. ده‌وه‌ڵا راست وایه ... هاهاها"
" ده‌ی مه‌یموون باشتره؟ تۆ خۆت به‌شانازیه‌وه ده‌ڵێی زانست ئیسباتی كردوه ئێمه ده‌چینه‌وه سه‌ر مه‌یموونه‌كان."
" ئه‌و باسه‌كه‌ی جیایه. تازه من بڕواشم به‌وه نیه. كێ چووزانێ..."
" تۆ باوه‌ڕت به هیچشتێك نیه! "
" وه‌ره مه‌ڕۆ! ... سه‌ختی مه‌گره. راوه‌سته! منیش ئه‌وه هاتم."