كاكه حه‌سه‌نی ئه‌ولیا
پێش بینییه‌كانی كاكه حه‌سه‌نی ئه‌ولیا
كاكه حه‌سه‌ن رقی له پێڵاوه، هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن: به منداڵی پێڵاوی له‌به‌ر كردووه، هه‌ندێك كه‌سیش هه‌ن، كه سوێندی له‌سه‌ر ده‌خۆن و ده‌ڵێن: ئێستای پیریی چۆنه، ئه‌وده‌میش هه‌ر ا بووه.
وه‌ك ده‌ڵێن: كاكه حه‌سه‌ن" ئه‌ولیا"یه، له‌لای ئیمه به‌و جۆره كه‌سانه "خاس خوا"و "پیاو چاك"یش هه‌ر ده‌ڵێن، پێم وابێ له هه‌ندێك شوێنی دیكه‌ش، پێیان ده‌ڵێن:"پیر"، جا ئیتر له‌كوێ دیكه چی پێ ده‌ڵێن و پێی ناڵێن، با راوه‌ستێ و كارمان به‌م به‌شه‌ی نه‌بێت و له‌م چیرۆكه‌دا به ئه‌ولیا قایل بین!
كاكه حه‌سه‌ن، هه‌میشه سه‌رچۆكه‌كانی دڕاون، له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چۆك دڕانه‌كه‌ی، كه‌سم نه‌بینیوه كه مێژووه‌كه‌ی بۆ منداڵی یا كاتێكی تر بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام له‌سه‌ر چۆنێتیی دڕانی سه‌رچۆكه‌كانی و هۆكاره‌كانی دڕانی سه‌رچۆكی ده‌رپێكه‌ی، زۆر شت گوتراوه و پیاو نازانێ باوه‌ڕ به كامیان بكات؟! دیاره بۆ ژن نازانم، له‌وانه‌یه ژنه‌كان باوڕ به هه‌مووی بكه‌ن، ئاخر خۆشه‌ویستی كاكه حه‌سه‌ن له لای ژنه‌كانی گۆندی ئێمه خۆشه‌ویستییه‌كی تایبه‌ته.
وه‌ك ده‌ڵێن: كاكه حه‌سه‌ن نۆژی بچێ سه‌ری ناچێ، ئا ببوورن مه‌به‌ستم پێچه‌وانه‌كه‌ی بوو! بۆی هه‌یه، زۆریش سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر وا بیر بكه‌ینه‌وه، كه ئه‌م سه‌ر چۆكدڕانانه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چۆك دادانه‌كانی كاتی نوێژكردنه‌كانی! زۆر سه‌یره له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وایه‌ته، ره‌وایه‌تێكی دیكه‌ش هه‌یه كه ده‌ڵێن: كه‌س تا به ئێستا كاكه حه‌سه‌نی له كاتی نوێژكردندا نه‌دیتووه، گوایه هه‌موو نوێژه‌كانی به دزییه‌وه ده‌كات و بۆ ئه‌م مه‌سه‌لانه، له كۆتریش شه‌رمێونتره.
كاكه حه‌سه‌ن، له هه‌موو ته‌مه‌نی دا دۆخینه‌كه‌ی گرێ پووچكه نه‌بووه، ئه‌و زیاتر حه‌زده‌كات دۆخینی ده‌رپێكه‌ی له ملی ئاڵێنێ. سه‌به‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش زۆر چیرۆكی تر باس كراون و ئێستاش له‌ترسی ئه‌وه‌ی قوێخا پێم نه‌ڵێ درێژدادڕیت كردووه، ناچارم له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی هۆكاره‌كانی دۆخین له‌ملكردنه‌كه‌ی كاكه حه‌سه‌ن حاشا بكه‌م.
كاكه حه‌سه‌ن قه‌ت حه‌ز ناكات پشتوێن له‌پشتی ببه‌ستێت، ئه‌و زیاتر حه‌ز ده‌كات قایشه چه‌رمه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له پشتی ببه‌ستێ.
وه‌ك ده‌ڵێن: ئه‌و قایشه دیرۆكێكی زۆر كۆنی هه‌یه، گوایه ئه‌م قایشه له چه‌رمی حه‌یوانێك ساز بووه‌كه ئێستا تۆره‌مه‌ی نه‌ماوه.
ده‌ڵێن: كاتی خۆی كه كه‌شتییه‌كه‌ی حه‌زره‌تی نووح له‌سه‌ر كێوی جوودی ده‌نیشێته‌وه، ئه‌و حه‌یوانه به‌سته‌زمانه، مێیه‌كه‌ی له داوای دابه‌زین له كه‌شتییه‌كه، به نه‌خۆشییه‌كی نادیار و كوشه‌نده ده‌مرێت و نێره‌كه‌ش هه‌ر له‌وێ له حه‌یبه‌تانه دڵی ده‌تۆقێ و ئیتر ئاواهی لێ دێت و ئه‌م جۆره حه‌یوانه‌ژیكه‌ڵانه‌یه مه‌جالی زاو زێیان نابێت و بۆ هه‌تا هه‌تایه جۆره‌كه‌یان له ناوده‌چێت. كه نووح ئه‌م رووداوه دڵته‌زێنه ده‌بینێ، بۆ ئه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی ئه‌م دوو ئاژه‌ڵه ئاشقه‌وماشقه‌یه، له دڵی خه‌ڵكدا بۆ هه‌تا هه‌تایه بمێننه‌وه، به ماره‌كانی بڕیار ده‌دات، كه درێژه‌ده‌ری راسته‌قینه‌ی رێباز و رێگای ئه‌و دوو حه‌یوانه بن، كه تا راده‌یه‌كیش بۆ درێژی و باریكی له مار ده‌چوون، به‌و جیاوازییه‌ی كه ئه‌وان سه‌رو قوونیان یه‌ك بووه و ڕێك وه‌ك ته‌سبێحی ئێستا چوونه وا بوون!
ئیتر نووح.. ئه‌وه‌ی راستی بێ، نووح پێشی حه‌یف ده‌بێ كه چه‌رمی ئه‌و دوو حه‌یوانه ـ كه به‌ڕاستی چه‌رمێكی بێ وێنه‌یان هه‌بووه ـ لێ نه‌كاته‌وه و نه‌یكات به شتێك. هه‌ر بۆیه كه‌وڵیان ده‌كات و له چه‌رمه‌كه‌یان دوو دانه قایشی باش ساز ده‌كات. ئه‌وجۆره‌ی كه باس ده‌كه‌ن و ده‌گێڕنه‌وه، دیار نییه حه‌زره‌تی نووح، ئه‌و دوو قایشه‌ی به چ مه‌به‌ستێك ساز كردووه و بۆ چیی به‌كار هێناون، به‌ڵام گوایه ئه‌م دوو قایشه به‌لای خه‌ڵكی ئه‌وكاته‌وه وه‌ك شتێكی.. وه‌ك متفه‌ڕك سه‌یر كراوه.
ئیتر ئه‌وجۆره‌ی باس ده‌كه‌ن ده‌ست به‌ده‌ست ئه‌و دوو قایشه، هاتوون.. هاتوون و كراون به هاوساری كه‌ره‌كه‌ی حه‌زره‌تی "حوزیه‌یر" و له‌وێشه‌وه هاتووه.. هاتووه، تا گه‌یشتووه به‌و رۆژه‌ی كه له كاتی له‌خاچ دانی حه‌زره‌تی مه‌سیح دا، دوو ده‌سته‌كه‌ی ئه‌م حه‌زره‌ته‌ی پێ ده‌به‌سترێته‌وه و دوایی یه‌كیان بزر ده‌بێ و ئه‌وه‌كه‌ی دیكه‌یان له ملی سه‌گه مل ئه‌ستووره‌كه‌ی ئه‌سحابی كه‌هه‌ف دا ده‌دۆزیوه‌ته‌وه.
دواتر دیسانه‌وه، ئه‌وه‌كه‌ی تریان، ده‌ست به ده‌ست گه‌ڕاوه و تا هاتووه ، هاتووه، هاتووه و گه‌یشتۆته ده‌ستی ئه‌م كاكه حه‌سه‌نه‌ی حازریی ئاوایی ئێمه و له خوای به‌زیاو بێت ئه‌ویش زۆر به باشی پاراستوویه‌تی و وه‌ك ده‌ڵێن: شه‌وانه دوو فریشته‌ی باڵ نه‌خشین دێن بۆ لای كاكه حه‌سه‌ن و باڵه‌كانی خۆیانیانی به‌قه‌رز پێ ده‌ده‌ن كه بچێ قایشه ئاوه‌ڵدوانه بزربووه‌كه‌ی ئه‌مه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه، ئه‌ویش هه‌موو به‌ره‌به‌یانێك به‌ر له تاوهه‌ڵات، دوای گه‌ڕانێكی زۆر و شه‌كه‌تییه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ری شه‌وه‌كه‌ی، ده‌ست له هه‌رامه درێژتر، ده‌گه‌رَیته‌وه و باڵه‌كان ده‌داته‌وه به فریشته‌كان و چاوه‌ڕوانی شه‌وی داهاتوو ده‌بێت.
ئیتر ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر دووگمه‌كانی چۆخه‌كه‌ی كاكه حه‌سه‌ن و ملیوانی كراسه‌كی و ملوانكه‌كه‌ی ملی و ریش وسمیڵی و چا و برۆی و پێچ و كڵاوه‌كه‌شی بڕۆن، هه‌ر وه‌فریا ئه‌وه ناكه‌وین كه بزانین ئه‌رێ بابه كاكه حه‌سه‌نی"ئه‌ولیا" ی ئێمه له گوندی ئێمه چۆنه و چۆناوچۆن سه‌یری ده‌كرێ.
ئه‌رێ خۆ شتێكی زۆر گرنگم هه‌ر له‌بیریش نه‌بوو پێتان بڵێم: ئه‌و كاكه حه‌سه‌نه‌ی ئێمه "كه‌ڕ"یشه و "ڵاڵ"یشه، یانی كه‌ڕڵاڵه!
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كاكه حه‌سه‌ن كه زۆر زۆر خه‌ڵكی پێ سه‌رسام كردووه، پێش بینییه‌كردنه‌كانییه‌تی، وه‌ك ده‌ڵێن: كاكه حه‌سه‌ن ساڵی ساڵان ئه‌وكاته‌ی مێرد منداڵ بوه، كۆمه‌ڵێك شت و ئاڵوگۆڕی پێش بینی كردووه و ئێستا یه‌كه به‌یه‌كه‌ی پێشبینیه‌كانی ئه‌وكاتی هاتوونه‌ته دی و ته‌نانه‌ت هێشتاش به‌سه‌ری پیری وازی له پێشبینی كردن نه‌هێناوه و كۆمه‌ڵێك پێشبینی دیكه‌ی بۆ داهاتوو كردووه و زۆربه‌ی خه‌ڵكیش دڵنیان كه هه‌موو ئه‌و پێشبینیانه‌ی كاكه حه‌سه‌ن له داهاتوودا دێنه‌دی!
یه‌كێك له پێشبینییه‌كانی كاكه حه‌سه‌ن، وه‌ك ده‌ڵێن، ئه‌وه بووه كه كاتی خۆی گوتوویه‌تی: رۆژێك دادێ خه‌ڵكێكی زۆر، له "مێ" یه‌كان له‌چكه‌كانیان فڕێ ده‌ده‌ن و لینگ و قاچ و قولیان رووت ده‌كه‌ن. هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م پێش بینییه‌ی دا گوتوویه‌تی رۆژێك دادێ هیچ ژن و كچێك، له‌چكه له‌سه‌ر ناكه‌ن و به‌شه سه‌رنج راكێشه‌كانی جه‌سته‌ی خۆیان به‌بێ شه‌رم، به جلی ته‌نگ و ته‌سك و جۆراوجۆر وه‌ده‌ر ده‌خه‌ن و نومایشیان ده‌كه‌ن.
ده‌ڵێن خاڵه حه‌سه‌ن گوتوویه‌تی: رۆژێك دادێ، خه‌ڵكێكی زۆر، له "نێر"ه‌كان، سه‌ر و پرچی خۆیان وه‌ك ژن لێده‌كه‌ن و دووكان و بازارێكی زۆر بۆ فرۆشتی سووراو سپیاوی پیاوان سازده‌بێ و پیاوانیش وه‌كوو ژنانیان لێ دێ.
ئه‌ولیا حه‌سه‌ن گوتوویه‌تی: رۆژێك دادێ، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له پرسگه‌كان له لایه‌ن كارمه‌ندانی ئاسایشه‌وه، ده‌ست له گیرفانیان بدرێ و ته‌فتیش بكرێن، ئه‌وكات ئه‌وان یه‌كه به‌یه‌كه ده‌ست له گیرفانی كارمه‌نده‌كانی ئاسایش ده‌ده‌ن و كه جوان گیانیانی كارمه‌ندانی پرسگه‌كان گه‌ڕان و ته‌فتیشیان كردن، ده‌چنه ناو ئیداره‌كان و كاره‌كانی خۆیان ڕاده‌په‌ڕێنن!
كاكه حه‌سه‌ن گوتوویه‌تی: ته‌نانه‌ت له‌وڵاتی ئێمه‌ش وای لێ دێ كه خه‌ڵكێكی زۆر به قوونی رووتی بگه‌ڕێن و كه‌سیش چاویان لێ نه‌كات.
هه‌روه‌ها له زمانی كاكه حه‌سه‌نه‌وه ده‌گێڕنه‌وه كه جارێكیان گوتوویه‌تی: رۆژێك دادێ خه‌ڵك پێویستی به زمان نابێ و هه‌موو خه‌ڵك به شتێكی جیاواز له زمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر قسه‌ده‌كه‌ن، جارێ ئه‌و شته جیاوازه‌ی بۆ كه‌س ئاشكرا نه‌كردووه، به‌ڵام گوایه ئاماژه‌یه‌كی كورتی پێ كردووه و ئاماژه‌كه‌شی ئه‌وه ده‌رده‌خا، كه گوایه خه‌ڵك ده‌توانن له زمانی مارو ومێروو و ئاژه‌ڵه‌كان و هه‌روه‌ها له زمانی خشه و مشه‌ی دارستان و خوڕه‌ی ئاویش تێ بگه‌ن.
كاكه حه‌سه‌ن زۆر خوێنشیرینه، خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ی ئێمه زۆریان خۆش ده‌وێ، به تایبه‌تی هه‌ر ژنه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی ده‌مێنێ له خۆشه‌ویستیان بچنه ناو چاویه‌وه و بیخۆن، كاكه حه‌سه‌ن ئه‌وه‌ی باشه، یانی یه‌ك شتی زۆر چاكی بۆ ئه‌و گونده‌ی ئێمه هه‌بووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی ئێمه له‌سایه‌ی سه‌ری كاكه حه‌سه‌ن وه‌ك گونده‌كانی دیكه ناچن، خه‌ڵكه‌كه‌مان ئه‌وه قسه و حه‌زانه‌ی له دڵی خۆیاندایه، له زمانی كاكه حه‌سه‌نه‌وه ـ خوا خێری بنووسێ ـ ی باس ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش، یانی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی ئێمه، وای كردووه، كه كۆمه‌ڵێك چه‌مك و بابه‌تی زۆر جیاواز له ناو گونده‌كه‌ی ئێمه‌دا بێته كایه‌وه و خه‌ڵكێكی زیندوو و بوێر و داهێنه‌رترمان له گونده‌كانی تر هه‌بێ، خۆزگه هیچ كات كاكه حه‌سه‌ن له‌ناومانا بار نه‌كات!
ـ رۆژێك دادێ، ره‌نگ و زمان و ره‌گه‌زی گشت مرۆڤه‌كان، ده‌كه‌وێته ده‌ستی خودی مرۆڤه‌كان خۆیانه‌وه و ئه وكات ئیتر نه ره‌نگ، نه زمان، نه ره‌گه‌ز، نه ئایین، نه سه‌ره‌رۆیی زلهێزه‌كان، بایخی ده‌مێنێ و نه ته‌نانه‌ت مه‌رگیش ده‌توانێ ئه‌م پێناسه بۆگه‌نه‌ی خۆی بۆ هه‌تا هه‌تایه به‌دوای خۆیدا رابكێشێ!((ئه‌وه دوایین وته‌ی كاكه حه‌سه‌نی پیرچاك و ئه‌ولیا بوو، كه هه‌ر ئێستا براده‌رێكم به ئێس ئێم ئێس بۆی ناردم))