فه‌رهاد سواره‌زاده
ئه‌وه‌ی له خوارێ هاتوه، هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری فه‌رهادی سواره‌زاده، مامۆستا‌ی ریازی ده‌بیرستانی شه‌هید غولامی شاری بۆکانه. ئه‌م ده‌فته‌ره دواتر که‌وته به‌ر ده‌ستی شاگرده‌کانی و کرا به ئامرازێک بۆ به‌رتیل گرتن. هه‌رگیز ده‌رنه‌که‌وت بۆچێ ته‌واوی قوتابیانی کلاسی ئه‌لف له پاییزی ساڵی 2003 دا نوومره‌ی بیستیان له ده‌رسی ریازی وه‌رگرت.
کورته زانیاریه‌ک: فه‌رهادی سواره‌زاده لیسانسی ریازی له ده ساڵ دا ته‌واو کردوه و که‌سیش نازانێ له کام زانکۆ مه‌دره‌کی پێدراوه به‌ڵام به قسه‌ی خۆی رێکۆردی درێژترین کارنامه‌ی پله‌ی لیسانسی له رۆژئاوای ناوه‌ڕاست دا هه‌یه. فه‌رهاد به خاتری که‌م بوونی زه‌ریبی هۆشی له ئه‌رکی سه‌ربازی موعاف بووه و بێجگه له بۆکان و سه‌قز هیچ شارێکی تری نه‌دیوه. سیگاری مارڵبورۆ، کلیکی راستی ماوس، راوه‌نانی پشیله و ده‌ست تێوه‌ردان له که‌رسته‌ی ناوماڵ هۆگریه‌کانی به‌تایبه‌تی فه‌رهادن. ناوبراو ئێستا به سه‌ڵتی ده‌گه‌ڵ دایکی ده‌ژی.
... من قه‌ت خۆشیم له ریازی نه‌هاتوه. بۆچی خۆشیم لێ بێ؟ ئیکس بێنه ئه‌مبه‌ر، ئیگریگ به‌ره ئه‌وبه‌ر، به ته‌وانی بگه‌یێنه، بیبه ژێر رادیکاڵ، ده‌ریهێنه‌وه. که چی ئاخر؟ تازه ده‌بێ وریای ته‌قسیم به سیفریش بی ده‌نا حیساب نیه و من ئاخری نه‌مزانی بۆچی؟ له زانکۆش گووتیان له فه‌وقی لیسانس دا پێتان ده‌ڵێن و من سوێند ده‌خۆم ئه‌وانیش نه‌یانده‌زانی. خودا هه‌ڵناگرێ ئه‌وه ده ساڵه من ریازی ده‌ڵێمه‌وه، ئێستاش نازانم ده‌بێ موشته‌ق بگری یا ئه‌نتیگراڵ؟ خاڵۆزایه‌کم بووتیکی هه‌یه ده‌ڵێ ده‌بێ ئه‌نتیگراڵ بگری به‌ڵام من هیچ متمانه‌م به‌و نیه. باوکم به ره‌حمه‌ت بێ پێش مردنی گوتی " رۆڵه نه‌سیحه‌ت بێ، هه‌رگیز به خاوه‌ن بووتیک بڕوات نه‌بێ ته‌نانه‌ت مڕ و مۆچیش بوو". من که ده‌ڵێم ده‌بێ موشته‌ق بگری و شاگرده‌کانیشم هه‌ر وایان پێ سه‌ڵاحه بێجگه له‌و هه‌تیوه سه‌رزله‌ی ماڵی که‌ریمی که ئه‌ویش باوکی خاوه‌ن بووتیکه. له موشته‌ق ناخۆش‌تر حیسابی ئیحتیماله. تووره‌که‌یه‌ک پێنج تۆپی سوور و حه‌وت تۆپی سپی تێدایه، تۆپێک ده‌ربێنین به چ ئیحتیمالێک سووره؟ ئه‌گه‌ر دوان ده‌ربێنین چی؟ و یا ئه‌گه‌ر له جیاتی سوور، ره‌ش بێت چی؟ ئه‌ی شین چی؟ و ئیتر حیساب که ته‌واوی ره‌نگه‌کان ده‌بێ له‌به‌ر که‌ی. به‌خودا مامۆستاکانی زانکۆش هه‌ڕه له بڕه‌یا‌ن نه‌ده‌که‌رد و خۆیان لێ لاده‌دا. جارێک له کلاس پرسیم "ئوستاد! بۆچی ئیحتیمالی شێر و خه‌ت وه‌کوو یه‌ک وایه؟" له جیاتی جوابێکی ساخ و ماقووڵم پێ بدا لێم هاته پێشێ و گۆتی " کێ تۆی رێگا داوه‌ته ئێره؟"
... به‌ینێکه له فیکری ئیدامه ته‌حسیل دام به‌ڵام ورده ورده خه‌ریکم لێی سارد ده‌بمه‌وه. من ئه‌گه‌ر ئیدامه‌ش بده‌م ئه‌وسه‌ره‌که‌ی ریازی‌زانێک وه‌ک (ئوولێر) یا (برووس رید)م لێ ده‌ردێ که یه‌کیان چاوی کوێر بوو و ئه‌وی دیش هه‌ر سه‌ڵت ماوه و ساتێک گیانی ده‌رچوو که‌س له‌پاڵی نه‌بوو یاسینێک شتێک له سه‌ری بخوێنێ و ئاخری جیرانه‌کان له به‌ر بۆگه‌نی که‌لاکی دیتیانه‌وه. تازه دوای مه‌رگی خه‌ڵاتیان به‌نێوی دروست کرد و کۆبوونه‌وه و کونفه‌رانسیان دانا که فڵانی چ بلیمه‌تێک بوو و پشتی ریازی شکاوه و فیلان و بیسان. من قه‌ت نامه‌وێ دوای مه‌رگم قه‌درم بزانن و تاریفم بکه‌ن و هه‌رگیز به‌وه رازی نیم گه‌رچی ئه‌و جۆره شتانه له ده‌ستی من دا نامێنێ ئیتر. ئه‌من حه‌ز ده‌که‌م مێژووزان بوایه‌تم. بڕوانه ئای مه‌حموودی. لاق له سه‌ر لاقی داده‌نێ و نه‌قڵی خۆش و قسه‌ی زه‌لام زه‌لام ده‌کا و به که‌یفی خۆی رقی له هه‌ر حکووما‌تێک بێ ناێڵێته‌وه. منیش ده‌بێ عاره‌ق بڕێژم و تۆزی گه‌چ بخۆم و خودا نه‌کا شتێک به‌جێ بێڵم، هاواریان ده‌ردێ که ئای بۆ کنکۆڕ دێ و به‌دبه‌خت ده‌بین و له‌و شتانه. جارێک خۆم نه‌ته‌کاندبوو، به لیباسی گه‌چاوی رۆشتمه‌وه بۆ ماڵێ، له رێگا کابرایه‌کی نه‌ناس پیلی کێشام و بردمی بۆ سه‌ر کاری ساختومانسازی، ناپیاو لادیوارێکی پێ گه‌چکاری کردم. دوای کار گوتی بۆ سبه‌ینێش بچمه‌وه و من هه‌ڵبه‌ت نه‌چووم. شتی وا قه‌ت به سه‌ر مێژووزانێک نایه.
هه‌ر کات ده‌چمه ده‌فته‌ر، هه‌ست ده‌که‌م خێڵێک سه‌رشێت و حه‌پۆل ده‌وره‌یان داوم. ته‌نانه‌ت پێم خۆشه هه‌ر له کلاسه‌کان نه‌یه‌مه ده‌رێ به‌ڵام مام ره‌سووڵ ئیجازه نادا، ده‌ڵێ "به‌رخم ئه‌دی کێ چایی بۆ مامۆستاکان تێکا؟". له نێوان هاوکاره‌کان، زۆرتر رقم له ئای شاره‌بانیه. رۆژێک نیتک و تانه‌م لێ نه‌دا وه‌خه‌ی پێناکه‌وێ سه‌گباب. "ئوستاد! تۆ بۆ ئه‌وه‌نده خوشتیپی؟" یا "ئوستاد! من پێم خۆشه ریازی لای تۆ فێر بم، ده‌ڵێن چاکی ده‌زانی." جاری وایه ده‌ڵێم به که‌له بچمه ناو زگی به‌ڵام دوایی په‌شیمان ده‌بم که بۆچی به مست له ژێرچاوانی نه‌ده‌م و یا بۆ به کتێبێک له سه‌ری نه‌کوتم و ئاخری له بیرم ده‌چێ ده‌مویست چی ده‌گه‌ڵ بکه‌م.
... ئه‌مڕۆ دایکم گوتی ده‌بێ بچین بۆ سه‌قز بۆ سه‌ردانی پووره ئایشێ. باسی موسافیره‌تی رێگای دوور دێ گیانم دێته ئێش. هه‌ر جار ده‌چمه سه‌قز تا حه‌وتوویه‌ک شان و ملم داده‌گیرێ، ساعه‌تی به‌ده‌نم ته‌واو تێکه‌ڵی ده‌کا. ئه‌و جاره له سه‌قز هاتمه‌وه ده‌ناو کلاسی ده‌رس خه‌و بردبوومی. کاتێک هه‌ستام یه‌ک شاگردیش نه‌ما‌بوو و منیش به سه‌نده‌ڵیه‌که‌وه به‌سترا بووم. تا رۆژی شه‌مبه نه‌متوانی جووڵه بکه‌م. مام ره‌سووڵ، خودای لێ رازی بێ، هات رزگاری کردم ده‌نا لای جه‌ماعه‌ت حه‌یام ده‌چو. شتی سه‌یر له‌م دنیایه دا ده‌قه‌ومێ!